پەڕەکان

2005/06/14

سەرۆک بارزانی لە رێورەسمی سوێندخواردندا

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
برای بەرێز جەنابی مام جەلال سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ 
برایانی بەرێز جێگرانی سەرکۆمار
برای بەرێز د. حاڤەم ئەلحەسەنی سەرۆکی پەرلەملنی فیدراڵی عێراقد
برایان و خوشکان, سەرکردەکان و نوینەرانی حزبە ھاوپەیمانەکان.
بەرێز سەفیرەکانی وڵاتانی دۆست
برای بەرێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان خوشک و برایان , ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان.


ئامادەبووانی بەرێز

سڵاوتان لێ‌ بێت وبەخێرھاتینێکی گەرمی ھەموو لایەکتان دەکەم بۆ ئامادەبوون و بەشداریتان لەم بۆنەیەدا, خۆشحاڵییەکی گەوەریە بۆ من کە وەکو پێشمەرگەیەک لە لایەن رۆڵەکانی ھەڵبژاردەی خۆیانەوە راسپێردراوم بۆ وەرگرتنی ئەم ئەرکە و ھەڵگرتنی ئەم بەرپرسیاریتییە, من ئەم فەرمان و تەکلیفەی گەلی کوردستان بە خەڵات و پاداشت دەزانم بۆ ھەموو پێشمەرگەو تێکۆشەرانی گەلەکەمان.

لەو رۆژەی بەر لە 43 ساڵ کە بۆ یەکەمجار چەکی پێشمەرگەیاتیم کردە شان تا ئەمرۆ زۆر لە ھەوراز و نشێوەکانی شۆرشی کوردستان و گەلێک ژیانی تاڵ و سوێر و کولەمەرگی میللەتی خۆمم بینی, بەڵام بۆ یەک رۆژیش گومانم نەبووە, کە ئەم میللەتە ھەر سەردەکەوی, خۆشحاڵم کەوا ئەمرۆ لەگەڵ ئێوەدام و بەرھەمی ئەو رەنج و خەباتە نەپساوەیە بەچاو دەبینم, ئەوەی کە زۆر غەمبارم دەکات و گیانم ئازار دەدات ئەوەیە, زۆر لە دۆست و ھەڤاڵ و پێشمەرگانەی بەیەکەوە بووین و گەرمی و ساردیمان بەش دەکرد, لەم کاروانە پر سەروەرییەدا گیانیان لە دەستداو شەھید بوون, بەداخەوە ئەوان ئەو رۆژەیان نەبینی , دڵنیام ئەمرۆ گیانی ئەوان وا بەسەرمانەوە دەسووریتەوە و ئەوان تەنیا بەجەستە نەماون, ئەگینا ھەمیشە بەرۆح لەگەڵ ئێمەدان و لەو شادییەدا بەشدارییمان دەکەن, دڵنیام گیانی سەرکردە نەمرەکانیشمان ئەمرۆ بەم سەرکەوتنانە شادن.

ئەو پەرلەمانە دامەزراوەیەکە جێی متمانەو رێزلێگرتنی ھەموو لایەکمانەو نیشانەی خواست و ویستی رەوای میللەتەکەمانە, ئەو دامەزراوە یاساییە بە دەنگی ئەوان ھاتوتە کایەوەو ھەڵگری رەنگی ئەوانە, ئەمە بەرھەمی خوێنی شەھید و خەباتی پێشمەرگە و قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانە, بەر ئەنجامی یەکریزی و یەکھەلوێستی میللەتەکەمانە, بەتایبەتی ھەدوو حزبی تێکۆشەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان.
ھەر لێرەدا گەرمترین سڵاو ئاراستەی سەرجەم گەلی کوردستان بە گشتی دەکەم چ لە سەر خاکی کوردستان بن چ لە ھەندەران, بەتایبەتی شڵاوی گەرم ئاراستەی پێشمەرگەی کوردستان دەکەم کە سەر یەھەر لایەنێکی سیاسی بووبێ‌, پارێزەری شەرەفی میللەتی کورد بووە و کوری رۆژانی سەخت بووە ھەروەھا سڵاو ئاراستەی ئەندام و دۆست و ھەڤاڵانی پارتی و یەکێتی و سەرجەم لایەنەکانی تر دەکەم, ئەم دەسکەوتەی کە ئەمرۆ بەدیھاتووە بەرھەمی تێکۆشان و کۆڵنەدانی ھەموویانە بە بێ‌ جیاوازی, دەبی ھەمووشتان لو پاراستن و بەروەپێشبردنی ئەم دەسکەوتە بەشداری بکەن و , بەھەمووشتان دەڵێم ئێوە برای خۆشەویستی منن, با ھەر برینێک کە لە دڵدا ماوە چارەیەکی بکەین و بەسەر ھەموو گرێ‌ دەروونییەکاندا باز بدەین و سەربکەوین, پێویستە لەمرۆ بەدواوە چاوپۆشی لە کەموکورتییەکانی دوێنی بکەین و ئاوری دواوە نەدەینەوە, دەبێ‌ لەمەودوا بەرەو بەھێزکردنی بیری نەتەوایەتی و پەرەپێدانی گیانی دیموکراسی لە کۆمەڵگەی کوردستان ھەنگاو بنێین, دەبی خۆمان لە حزبایەتی تەسک و بەرچاو تەنگی و ململانێی بی ئەنجام بە دوور بگرین و ھەڵسوکەوتی ئەو رۆژانە دووبارە نەکەینەوە کە برینی میللەتەکەمان دەخەنەوە ئێش و ئازار.

ئێمە وەکو کورد میللەتێکی سەربەرزین کە خەباتەکەمان ھیچ رۆژیک نەپساوە و ھیچ کارەساتێکیش ئێمەی سارد نەکردەوە و ماندووی نەکردین.

لە رۆژی دەستپێکردنی شۆرشی ئەیلوولەوە ئامانج و دروشمەکانمان ئاشکراو بێ‌ پێچ و پەنابوون, دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان, ئەم دروشمە زیندووە نیشانەی حیکمەت و دووربینی و ھەڵسەنگاندنی کورد بوو لە بارەی بارودۆخی بزووتنەوەکەمان و رەوشی عێراق و ناوچەکە, ئەمرۆش کە ئەم دروشمە بووە بە عێراقی فیدراڵی دیموکراسی سەرچاوەیەکەی ھەمان بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی واقیعبینانەیە, پرسی دیموکراسی لە عێراق دوو پرسی گرێدراوی یەکترن و جیا ماکرێنەوە. رژێمە یەک لە دوایەککان زۆریان ھەوڵدا شەری داسەپاوی خۆیان بەسەر کورد و بەرگری و بەرخودانی ئێمە بکەن بە ململانێ‌ و شەری نێوان دوو نەتەوەی کورد و عەرەب, لەبەر ئەوەی ئامانجەکانیان چەپەڵ و گەڵاو بوون ھیچی لی شین نەبوو, بە پێچەوانەوە زۆر لە تێکۆشانەرانی عەرەب ھاوخەبات و ھاوسەنگەری ئێمە بوون لەم بزووتنەوە دیموکراسی و لەم کاروانی خەباتەدا, ئەوانیش لە تەنیشت ئێمەدا قوربانی و رەنجێکی زۆریان پێشکەش کردو زۆریشیان گیانیان پێشکەش کرد, ئەمرۆش ھەر لەگەڵ ئەو ھەچاڵ و تێکۆشەرانەدا لە ھەمان کاروانی خەباتداین, ئەگەر دوێنێ‌ لە سەنگەری دژ بە دیکتاتۆرییەتدا بەیەکەوە بووین, وا ئەمرۆ لە گۆرپانی کارکردن بۆ بەدیھێنانی فیدراڵیزم و دیموکراسی بەیەکەوەین, لە داھاتووی عێراقیشەدا ھیچ پیلان و نەخشەیەک بۆ کەلەبەر خستنە نێوان ئەم گەلە چەوساوەیە سەرناگرێ‌ و ئەو برایەتییەی بە ئەرک و ماندووبوون پاراستوومانە دەبێ‌ بە بەردی بناغەی باشەرۆژێکی گەش بۆمان, ئەمرۆ کە لە سەتاسەری عێراقدا شوێنەواری کارەسات و درندایەتی رژێمی بەعس و رژێمەکانی پێش ئەویش دیار و بەرچاون, لە گۆرستانە بە کۆمەڵەکاندا ئیسکەکان بەیەکەوە نێژراون, ئەمە دەرفەتێکی زێرینە بۆ ئەوەی سوود لە ھەڵەکان و ھەڵە پووچەڵەکانی رژێمەکان وەربگرین بۆ داھاتوویەکی گەش لە سەر بناغەی برایەتی و یەکسانی لەم وڵاتە ئاوا بکەین و بیر لە شتی تر نەکرێتەوە, گەلی عێراق بە ھەموو رەنگ و رەگەزەکانییەوە دووچاری شەری برینەوەو جینۆساید ببوو, ئەمرۆ کاتی ئەوەیە برینەکانی سارێژ بکرێن و وڵات ئاوەدان بکرێتەوە, ولاتێک کە مافەکانی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت.

ئێمە وەکو کورد شانازیش بەوە دەکەین کە بە درێژایی مێژووی شۆرشەکەمان لە کوردستانی عێراق رۆژێک لە رۆژان پەنامان بۆ تیرۆر نەبردو بیریشمان لی نەکردۆتەوە, ھەرچەندە رژێمی عێراق لە سەرەتای شۆرشی ئەیلوولەوە بە تیرۆر لە بەرامبەر ئێمەدا دەستی پێکرد تا ئاخیریش دەستی لی ھەڵنەگرت وھەر درێەی پێدا تا گەیاندنی بە درندانەترین شیوەی تیرۆر, ئەوەبوو لوتکەی کارە درندانەکانی وەک ئەنفالەکانی ساڵی 1988 و ئەنفالی فەیلییەکان و ئەنفالی بارزانییەکان وکیمیاباران و تاوانە گەورەکەی ھەڵەبجەی ئەنجامدا, ئێستاش کاتی ئەوەیە لەسەر بنچینەی فیدراڵیزم و دیموکراسی و فرەلایەنی عێراقی نوێ‌ دروست بکرێتەوە, کە تێیدا یاسا سەروەربێت, دەبێ‌ عێراقی تازە لە سەر بنچینەی بەیەکەوە ژیانی ئارەزوومەندانەی ھەردوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب دابمەزرێت و ھەموو ھاووڵاتییەکی عێراقی کە سەر بە ھەر رەگەز و ئایینی و مەزھەب و تایفەیەک بێت ھەست بکات ئەو وڵاتە, وڵاتی خۆیەتی و ئەرک و مافەکانی دیارن.

ئێمە زۆر قوربانیمان داوە بۆ بەدیھێنانی ئەم ئامانجەنەو تا ئاخریش ھەر خەبات دەکەین, دەبێ‌ لەم وڵاتەدا ئەمن و ئاسایش ھەبێت و سەروماڵ و حورمەتی خەڵک پارێزراوبن, دەبێ‌ عێراق شوێنی شایستەی خۆی لە کۆر وکۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان و ھەرێمییەکاندا وەربگرێت, ئێمە تەواوی پشتگیری پێشکەش دەکەین بۆ بەدیھێنانی ئەم پاشە رۆژەو ھەر حکوومەتێکیش پابەندی ئەم رێبازە بێت, ئێمە پشتیوانی لێدەکەین ولە گەڵیدا دەبین.
لە رۆژانی داھاتوودا حکومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنرێ‌ و متمانەی خۆی لە پەرلەمان وەردەگرێ‌, ئەم حکوومەتە تازەیە, حکوومەتێکی یەکگرتووی بنکە فراوان دەبێت و ئەرکەکانیشی زۆر ئاڵۆزن, بۆیە دەبی ھەموو لایەک ھاوکاری بین بۆ سەرکەوتنی ئەم حکوومەتە لە کارو بەرنامەکانیدا, دەبێ‌ ژیخانی کوردستان سەر لە نوێ‌ بنیادبنرێتەوە, ئەو ژێرخانەی کە رژێمی عێراق لە ھەموو رووێکەوە وێران و کاولی کردبوو, دەبێ‌ کوردستان ببوژیتەوەو بە رێگەوبانی پێشکەوتوو, ھەروەھا دەبێ‌ پۆستە و گەیاندنی ھاوسەردەمانە لە کوردستان دابمەزرێت, خزمەتگوزارییەکانی ئاوو وزەی کارەبا دەبێ‌ بگەن بە ھەموو شوێنێک و ئەو کەموکورتییانەی کە لەمبارانەوە ھەن بە زووترین کات چارەسەر بکرێن, دەبێ‌ قوتابخانە وبنکەی تەندروستی لە ھەموو ئاوایی وناوچەیەکی نزیک ودوور بکرێنەوە, پێویستە باشترین سیستەمی تەندروستی لە کوردستان بکەوێتە کار, دەبێ‌ سیستەمی پەروەردە چاک بکرێتەوەو پاک بکرێتەوە لە شوێنەوارەکانی بەعس, پەروەردە بناغەی ھەموو کارەکانی تر و داھاتوومانە, بەعس زۆر کاری کردووە بۆ شێواندنی ژێرخانی بیر کردنەوەو عەقڵییەتی کۆمەڵی ئێمە, دەبێ‌ بەزووترین کات ئەم ئاسەوارە گەندەڵ و نامرۆڤانەیە بسرێنەوە, زانکۆ و پەیمانگاکان و خوێندنی باڵا بە گشتی دەبێ‌ زۆرترین بایەخیان پێبدرێت, پێویستە زانکۆکانی کوردستانیش کەمتر نەبن لە زانکۆکانی ناوچەکە, دەبی ببن بە ناوەندی تیشکدانەوەی شارستانییەت و دیموکراسی و رۆڵیان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا قووڵ و بەرچاوبێت, ھەروەھا دەبێ‌ پەیوەندی و تێکەڵاوییەکی فراوان لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانی جیھان دابمەزرێنن, دەبێ‌ چاکسازی لە دامودەزگاکاندا بکرێن, دەبێ‌ دادپەروەری و یەکسانی لە خزمەتگوزارییەکانی خەڵک ھەبێت و داواو خواستەکانی خەڵک ھەبێت و پێویستسسەکانیان بە زوویی جێبەجێ‌ بکرێ‌, دەبێ‌ بەرنامەی رێکوپێک و تێروتەسەل دابنری بۆ پەرەپێدانی ئابووری ھەرێمی کوردستان و چالاکییە بازرگانییەکان, پێویستە زەرفەتی کارکردن زۆر بکرێن و, نابێ‌ خەڵکی بێکار لەم وڵاتە دەوڵمەندەدا بمێنێ‌, گەلێکی خۆشگوزەران و خۆشبژی بنیادبنێ‌, پێوستە میللەتی ئێمە, میللەتێکی بەرھەمەێنەربێت, نەک میللەتێکی بەکارھێن و مشەخۆر.

مرۆڤی کورد, مرۆڤێکی چالاکەو پێویستە بەھێز و بازوو و بەھێزی بیرکردنەوەی خۆی بژی, بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ‌ کارگەو فابریکە لە ھەموو شوێنێکی کوردستان دابمەزرێنین و بایەخ بە بەرھمھێنانی پیسەسازی بدرێت و, ھەروەھا بایەخ بە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتی گەشتوگوزار بدرێت وببن بە دوو بواری زیندووی ئابووری گەشەپێدانی وڵاتەکەمان, دەبێ‌ ئابووری کوردستان لەسەر بناغەی بازاری ئازاد بنیاد بنرێتەوەو بایەخ بە کەرتی تایبەتی و پرۆژەی ھاوبەش بدەرێت و حکوومەت ھەموو جۆرە یارمەتییەکیان پێشکەش بکات و ئاسانکاری و پاڵپشتییان بۆ مسۆگەر بکات.

لە کوردستاندا رێز لە ئازادییەکان دەگیرێت, چ ئازادییەکانی تاک بن چ ئازادی کۆمەڵ و گرووپەکان, ھەموویان بە پێییاسا و رینوینییەکان پارێزراوەو رێزلێگیراو دەبن, رێز لە بیروبۆچوونی خەڵک دەگیرێت و باوەری ئایینی ئازادە, ھەروەھا ئومێدەوارم ئێمە بتوانین بەھێزترین برواو متمانە لە نێوان گەلو حکوومەتی ھەرێمدا دروست بکەین, ئەو برواوو متمانەیە سەرکەوتن و پێشکەوتنی ھەردوو لایەن مسۆگەر دەکات.

دەبێ‌ بایەخێکی تەواو بە قوتابیان و لاوان بدرێت و پرۆژەی پێویستیان بۆ جێبەجێ‌ بکرێت و رێز لە ئازەزوو و خواستەکانیان بگیرێ‌, ھەروەھا دەبێ‌ دەرفەتی کاری شیاوو گونجاو بۆ لاوان دەستەبەر بکرێت, ئافرەتان رۆڵی شیاوی خۆیان لە بواررەکانی کۆمەڵگادا بگێرن و ھیچ جیاوازییەکی یاسایی لەم بوارەدا نەمێنێ‌, دەبێ‌ ژنان خۆشیان خەبات بکەن بۆ گۆرینی رەوشی خۆیان لە کۆمەلگەداو ئێمەش ھەموو پاڵپشتییەکیان دەکەین, رێز لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و دابونەریتە نەتەوەییەکان دەگیرێ‌, ھەروەھا رێز لە پیاوانی ئایینی و ھەموو ئەو کەسایەتییە کۆمەڵایەتیانە دەگیرێ‌, کە ھەر کەسەو دەیەوێ‌ لە شوێنی خۆیەوە خزمەتی کۆمەڵی کوردەواری و ئەم رەوشە تازەیە بکات و رۆڵی خۆی تێدا ببینێ‌.

لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە کەوا رێز لە ئازادی کارکردن و ئازادی نواندی چالاکی سیاسیانەی حزب و لایەنەکانی کوردستان دەگیرێ‌, بۆچوون و پێشنیازەکانیان رەچاو دەکرێن و لەبەر چاو دەگیرێن.

ھەروەھا لە کوردستاندا راگەیاندن بە ھەموو شێوەکانییەوە ئازادەو سانسۆری لە سەر نییە.
لە ھەرێمی کوردستاندا جیاوازی نەتەوەیی نییە, ھەموو ھاوڵاتیان نەتەوەو رەگەزیان ھەرچی بێت وەک یەکن لە ئەرک و مافەکانیان.

تورکمان و کلدو ئاشوور برای رێزداری ئێمەن, ھەرچییەک لە تونا و دەسەڵاتدا ھەبێت لە پێناو بەختەوەری ئەواندا دەکەین, ھەموومان لەسەر ئەم خاکەدا بەیەکەوە دەژین و چارەنووس وخۆشی و ناخۆشیمان بە داکۆکیکارو بەرگریکار لە مافەکانی ئەوان دەزانین, ھەموو ئایین و مەزھەبە جیاجیاکان رێزیان لێدەگیرێ‌ و لە کوردستاندا ئایینەکام تەواوی ئازادی خۆیان ھەیەو بەیەک چاو سەیر دەکرێن.

برا ئێزیدییەکانمان کوردی رەسەنن و بێ‌ درێغیش بەشدارییان لە خەباتی نەتەوەکەیاندا کردووەو شوێن و جێگەیان لە ناو دڵی میللەتی کورددا گرتووەو گەورەترین زەبرو زیانیان لە لایەن رژێمی بەعسەوە بەرکەوت و ئێش و ئازاریکی بێ‌ وێنەیان چێشت, دەبێ‌ بە باشترین شێوە قەرەبوو بکرێنەوەو رۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێرن, ئەمرۆ کە خەباتی نەتەوەکەیان ھاتوتە بەرھەم دەبێ‌ ئەوان لە مافەکانی خۆیان بەھرەدارو دڵنیابن.

کەسوکاری قوربانییەکانی ئەنفال و گەرمیان وقەرەداخ و بادینان و دەشتی کۆیەو ئەنفالی بازرانییەکان و فەیلییەکان و کارەساتەکانی کیمیابارانی ھەڵەبجەو راگواستن و دەربەدەرکرداوەکان ھەموویان جێی رێزو تەقدیرن و پێویستە ئاسەواری ئەو کارەساتانە لە ژیانیان بسرێتەوەو ھاوکاری بکرێن, ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ‌ بوون لەکاتی لیقەومان و کاراساتەکان, چ ئەوانەش کە سیاسەتی دراندانەو زبروزەنگی رژێم لە ناو خۆی کوردستاندا ئاوەری کردن, ھەموویان جێگەی رێزی ئێمەن, ئەوانەی نەیانتوانیووە بگەرێنەوە سەر زێدو لانەی خۆیان دەبێ‌ ئاسانکارییان بۆ بکرێت و یارمەتی بدرێن.

دەبێ‌ بەرنامەیەکی تێروتەسەل دابندرێ‌ بۆئاوادەنکردنەوەی گوندەکانی کوردستان و گەیاندنی خزمەتگوزاری پێویست بۆیان و بوژاندنەوەی ئابوورییان, رژێمی عێراق بە نیازی لێدانی زەبرێکی کاریگەر لە ئابووری کوردستان و لە بزووتنەوەکەمان بە ھەزاران گوندی لەگەڵ زەویدا نەخت کردو خەڵکەکەی ئاوارەکرد لەبەر ئەوەی ئەم گوندانە خانەو لانەی پێشمەرگەو شۆرشەکەمان بوون.

پێشمەرگەی کوردستان, ئێوە ئازیزترین کەسانی ئێمەن, پێشمەرگە, تێکۆشەرانی رۆژی سەخت و رۆژانی ھات و نەھاتن, منیش پێشمەریەکم وەک ئێوەو شانازی دەکەم کە لە ریزی ئێوەدام, جێگەی ئێوە لە لوتکەدایەو لەناو دڵ و دەروونی میللەت و لناو ماڵی شەھیدانە, ئێستاش کە میللەتی کورد پارێزراوە ھەر لە سایەی ورەو عەزیمەتی ئێوەیە, ئێوە بە بریاری میللەتی خۆتان و لە ئەنجامی شەھیدانەوە دروست بوون, تاگەلی کوردستان مابێ‌ ئێوەش دەمێنن, رۆژانێک بەرگریتان لە بوون و مانی میللەتی کورد دەکردو بەخوێنی خۆتان میژووتان دەنووسییەوە, ئێستاش ئێوە ھەمان رۆڵەی جارانن و ناوو پلەو پایەتان ھەروەکو خۆیەتی, تەنھا ئەرکتان گۆراوە, جاران خەباتان دەکرد بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆرو بەدیھێنانی فیدراڵی و دیموکراسی, ئەمرۆ خەبات دەکەن بۆ پاراستنی ئەم دەسکەوتانەو بۆ دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ عێراق و بۆ کوردستان.

لەو سەردەمەدا تیرۆر گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ژیانی دیموکراسی و پێشکەوتن, ئێمە لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر کۆڵ نادەین و یەک سات چییە غافڵ نابیت, تیروستان پاشە رۆژیان نییە, لەم وڵاتەدا دەبێ‌ بەزوویش بەرەنگاریان ببینەوەو لە رەگ و ریشەوە دەریانکێشین, بەڵام کاری لە بنھێنانی تیرۆر تەنھا کاری یەک دەزگاو یەک دامەزراو نییە, دەبێ‌ ھاووڵاتیان, حزبەکان ھەموویان لەگەڵ یەکدا ھاوکاربن و پشتیوانی لە دامودەزگا ئاسایشەکان بکەن, کێشەی کەرکووک رێگەچارەی راستەقینەی خۆی بۆ دەستنیشانکراوە, ئەویش ئەوەیە کە لە یاسای کاتییی ئێدارەی دەوڵەتدا ھاتووە, ئێمە بە چارەسەرێکی جیا لەم چارەسەرە رازی نابیین, ئەم رێککەوتنە ھەموو لایەک ئیمزایان لە سەری کردووە و بووە بە یاساو دەستوور, پێویستە بێ‌ دواخستن جێبەجێ‌ بکرێ‌ و مادەی 58 مەسەلەیەکی جدییەو بە ھیچ شێوەیەک پاشگەزبوونەوەی لێ‌ قبوول ناکرێ‌, بەھەمان شێوە ناوچە دابراوەکانی تر دەبێ‌ بگەرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی خاکی کوردستانەو جیا ناکرێنەوە, ئەوەی کە لە یاسای کاتیی ئیدارەی دەوڵەتدا ھاتووە لایەنی ھەرە کەمی مافەکانی میللەتی کوردە, مەمکین نیە ئێمە بە کەمتر لەو مافانە رازی ببین, کە لە یاسایی ناوبراودەا ھاتوون, دەبێ‌ ئەو مافانە وەکو خۆیان بچنە ناو دەستووری ھەمیشەیی عێراقەوە, دەستوور ھەنگاوێکی گەورەیەو پێویستە ھەموو چین و توێژەکانی لە دارشتنی دا بەشداربن, دەستوور دەبێ‌ بە رێککەوتن و تەوافق بێت, بۆ ئەوەی ناسنامەی عێراقی فیدراڵی دیموکراتی پێوە دیاربێت.

ئێمە رێز لە سەرجەم وڵاتانی دراوسێ‌ دەگرین و دەستی دۆستایەتیان بۆ درێژ دەکەین, ھەروەھا کار دەکەین بۆ ئەوەی باشنرین پەیوەندی و رێز لەیەکدی گرتن و دۆستایەتی دامەزرێنین, ئەمە ھەلو دەفەرتێکی باشەو داوا دەکەین ئەوانیش ھاوکاربن بۆ عێراق و بۆ ھەرێمی کوردستان, ئێمە دەست لە کاروباری ناوخۆی ئەوان وەرنادەین و ئومێدەوارین ئەوانیش دەست لە کاروباری ناوخۆی ئێمە وەرنەدەن, ئێمە سوپاسی ئەو دراوسێیانە دەکەین کە لە کاتی لێقەومانی و کارساتدا باوەشیان بۆ میللەتی ئێمە کردەوەو دەستی یارمەتیان بۆ درێژ کردین.

لەبارەی نەتەوەی کوردەوە, کە بەسەر وڵاتانی دراوسێ‌ دابەشکراوە, برایانمان دڵنیا دەکەینەوە کەوا دڵ و دەروونمان لەگەڵ ئەوان و ئێش و ئازارەکانیانە, ھیودارین پەنا بۆ شێوازی سەردەمانە بەن لە داواکردنی مافەکانیان, ئەمرۆ باوی زەبروزەنگ نەماوە,ئەمە بۆ کورد تەنھا زەرەرو ماڵوێرانی بە دواوەیە, بەھەمان شێوەش ھیوادارین ئەو وڵاتانەی گوێ‌ لە داوای براکانمان بگرن و درایەڵۆگیان لەگەڵدا بکەن, ھیوادارم ئەو برواو متمانەیەی کە بە من دراوە ببێ‌ بە مایەی یەکریزی و یەکھەڵوێستی میللەتەکەمان, راستیتان پێ‌ بڵێم بۆ من پێشمەرگایەتی لە ھەموو پایەو پلەیەک گرنگترو پیرۆزترە, بەڵام ئەمرۆ ئێمە خەریکی دانانی موئەسەسات و دامەزراوەین, سەرۆکی ھەرێمیش دامەزراوەیەکی گەورە دەبێ‌ کە رۆڵیکی متەوازع بۆ خزمەتی ئێوە بگێرم, بێگومان دەبێ‌ ئێمە زۆر بەجدییەتەوە بەرەو دامەزراندنی موئەسەساتی دەستووری و یاسیی برۆین و لە ئەولەویاتی کارەکانی ئیلتیزماتی کۆمەڵایەتی شۆرشگێری لە لایەک و پێویستی دامەزراندنی ئیدارەیەکی ھاوچەرخ و یاسایی و دەستووری لە لایەکی ترەوە. من خۆم پەروەردەی قوتابخانەیەکم, کە ھەر کە چاوم کراوەتەوە لەوە تێگەیشتووم بەرخودان تاکە رێگەیە بۆ کۆتی دەست و پێی تێکۆشەرێکم ھاتوتەوە بیر, ھەر کاتێ‌ پەتێکم بینیبێ‌ قەنارەی قارەمانێکی لە سێدارەدراوم بیرکەوتوەتەوە, ھەر رووبارێکم بینیبێ‌ رووباری ئاراسم ھاتۆتەوە بیر کە پێشمەرگەی کوردستان خۆی لێداوە, ئەو رۆژەی کە بووم بە پێشمەرگەو لە دوای بارزانیی نەمرەوە چەکم ھەڵگرت, وا دەزانم گەورەترین شانازیم بەرکەوت و ئێستاش کە ئەم پۆستە وەردەگرم بۆ ئەوەیە خزمەتێکی ئێوە بکەم و, ئەمەش ھەرە درێژەپێدانی پێشمەرگایەتییە بۆ من, ئەگەر بۆ خزمەتی ئێوە نەبێ‌ ھیچ مەبەستیترم نییە. لەو رۆژانەدا دەست دەکرێ‌ بە پێکەوەنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان, ھەندێک جار بە ھۆی بیرباوەر گۆرینەوە و درەنگ بە ئەنجام گەیشتن کارەکان دوادەکەون , ئەمە سروشتی ژیانی دیموکراسییەتە, ناحەزان خەون دەبینن, پێیان وایە کاتێ‌ بەیەکگەیشتن دوادەکەوێ‌, ئیتر ئێمە لێکترازاوین, با دڵنیابن ئەو خەونانە جارێکی تر نایەتەوەدی, بۆ ئێمە قەناعەت و بروای میللەتی خۆمان گرنگە, دڵنیاش بن کەوا ھەموو شتێک بە راوپژ و گۆرینەوەی بۆچوون دەبێت لەگەڵ برای بەرێزم جەنابی مام جلال, وەنەبێ‌ ئەو لە بەغداو من لێرە ئاگامان لە یەکتر نەبێ‌, پێچەوانەوە ئێمە بەبێ‌ یەکتر ھەنگاو نانێین, ھەروەھا سەرکردایەتی ھەردوو حزبیش دەبێ‌ لەیەکەوە نزیک بن و ھاوئاھەنگیان لەگەڵ حزبەکانی تر ھەبێت و دەبێ‌ نەشھیڵین جارێکی تر دەستی چەپەڵ بخرێتە ئەو نێوانەو ماڵ لەکورد تێک بداتەوە.
ئێمە وەکو میللەتی کورد سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا بەرێز جۆرج بوش و گەلی ئەمریکا دەکەین لەگەڵ میللەتی ئێمەدابوون بۆ رووخاندن و رزگاربوون لە درندانەترین رژێمی دیکتاتۆری, ئێمە ھەرگیز ئەم بریارە بوێرانەی ئەوان لە بیر ناکەین, دووپاتیشی دەکەینەوە ھەر بەیەکەوە دەبین لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆرو لە دروستکردنی عێراقی فیدراڵ و دیموکرات.

ھەروەھا سوپاسی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەرێز تۆنی بلێر و گەلی بەریتانیا و سوپاسی وڵاتانی ھاوپەیمان دەکەین.

لێرەدا حەز دەکەم سوپاسێکی گەرمی خەڵکی تێکۆشەری ھەولێریش بکەم, ھەولێری دێرین و دیکتاتۆر بەزێن, ھەولێر بەردەوامە لە قوربانیدان و تەحمولێکی زۆریشی ھەیە سەرەرای ئەمەش زۆر جار ئیجرائاتی ئەمنی و ریگەوبان گرتن دەبێ‌ بەسەرباری گرفت و زەحمەتی بۆیان, من سۆپاسیان دەکەم و داوای لێبوردنیان لێدەکەم.

لە کۆتاییدا گەرمترین سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی رێگای رزگاری و ئازادی عێراق و کوردستان. بژی عێراقی فیدراڵ و دیموکرات بژی برایەتی کوردو عەرەب و تورکمان و کلدو ئاشووری.
وتاری سەرۆک باررزانی بە عەرەبی

بەناوی خوای گەورەو میھربان
برای بەرێزم مام جلال سەرکۆماری عێراقی فیدراڵ
برای بەرێزم د. حاچم ئەلحەسەنی سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتیمانی عێراقی فیدراڵ
برایانی بەرێز جێگرانی سەرکۆمار برایانی
بەرێز جێگرانی سەروەزیران برایانی بەرێز سەرۆک و نوێنەرانی پارتە ھاوپەیمانەکان
باڵیوزە بەرێزەکان و نوێنەرە بەرێزەکانی دەوڵەتان
بەرێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
بەگەرمی بەخێرھاتنی ھەموو لایەکتان دەکەین بۆ شاری ھەولێر, شاری مێژوو و قەڵای خەباتگێری, پایتەختی دووەمی عێراق, ئامادەبوونتان جێگەی رێزێکی گەورەیە, بەڵگەیە لەسەر پتەوی برایەتی فراوان لە نێوان نەتەوە جیاوازەکانی عێراقی , عەرەبی و کوردی و تورکمان و کلدو ئاشووری..

ئێمە بەیەکەوە خەباتمان کرد لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆریەت, سوپاس بۆ خوا و بەھاوکاری دۆستانی گەلەکەمان ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا و ھاوپەیمانەکانیان توانیمان دیکتاتۆریەت بروخێنین و ئێستاش دەرفەتێکی مێژوویمان لە بەردەمە بۆ بنیاتنانی عێراقی تازە, عێراقی فیدراڵی دیموکراسی فرەیی, پیاوانی عێراق کە بەرگری دیکتاتۆریەت و ستەم و زۆرداریان کرد کۆسپ و بەربەستانە تێپەرین کە بەر لە تەمەنی تیرۆر کورتە وبەسەر تیرۆر و تیرۆریستان زاڵ دەبین و تیرۆریش ھیچ ئایندەیەکی لەو وڵاتەدا نییە.

خوشک و برایانی بەرێز:

گرن نیە ئەو پۆستە یان ئەوی تر بەکار بخرێ‌ , بەڵکو گرنگ دارشتنی یاساو گواستنەوەیە بۆ قۆناغی بنیاتنانی دامەزراوەیی دەستووری و یاسایی, شەرەفێکی گەورەیە کە متمانەی گەلی کوردستانم پێدرا لەرێی نوینەرەکانیان لە پەرلەمانی ھەلبژێردراو, بەلێنیتان پێدەدەم کە ھەموو توانەاکانم دەخەمە گەر لە پێناو بەھێزکردنی برایەتی کورد و عەرەب, ھەروەھا لە پێناو بەھێزکردنی یەکێتیی نیشتیمانی لە کوردستان کە بنەمایە بۆ یەکێتیی نیشتمانی لە عێراق, ئەوەی ئەمرۆ ھاتوتەدی بەرھەمی خەباتی گەلەکەمانە, بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کەبەرھەمی ھەست کردنی بەرزە بە بەرپرسایەتی سەرکردایەتی ھەردوو حزب و حزبەکانی تریش و ئەو کەسایەتیە نیشتیمانیانەی بەشداریان کرد لە سەرکەوتنی ئەو پرۆژەیە, پێویستە بەشێوەیەکی تایبەت ئاماژە بە رۆڵی دیاری برای بەرێزم مام جەلال بکەم , بە بەرێز د. حاچم دەڵێم ئەو دەستەی بە دەستی تۆ دەچێت و بۆ کوردستان درێژ دەکرێت, ھەزاران دەست دەبینی کە بۆ ئەوە دەست درێژ دەکەێن, بەبێ‌ گومانیش بەو دەستانە و بەو نیازە باشانە عێراق دەپارێزین و یەکێتی رێزەکانمان بەھێز دەکەین و عێراق پاک دەکەینەوە لە تاواتکاری و تیرۆریستان و ئایندەیەیەکی پرشنگداریش بۆ گەلی عێراق فەرھام دەکەین, دەرفەتێکی مێژوویمان لە بەردەمە بۆ دارشتنی دەستووری ھەمیشەیی کە بریارە لە چارەنووسی ھەموومان دەدات, بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونەکانمان وەربگیرێت, دەشبێت ئەو دەستوورە, دەستووریکی شارستانی بێت و بەتەوافق, بەدڵنیایەوە گوزەرانێکی خۆش و ژیانێکی ئازادی خۆش بۆ ھەموو ھاوولاتییەکی عێراقی بەرجەستە دەکرێت, وتەیەکی درێژم بە زمانی کوردی ھەیە, بۆیە بەو ئەندازەیە رادەوەستم, جاریکی تر بەخێرھاتنتان دەکەم وسۆپاستان دەکەم بۆ ھەڵگرتنی سەختیەکانی سەفەرکردنتان بۆ ئێرە ئامادەبوونتان لێرە لەگەڵمان لە بیر ناکرێت, جارێکیتر دەڵێم ئەمە نامەیەکە و جەخت کردنەوەیە لەسەر پەیوەندی و برایەتیمان و لەسەر یەکێتیمان تا ھەتایە بە پاڵپشتی خوا.

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق